Image

ژیری دەستکرد و سێکتەری تەندروستی

لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی یەکەم ڕاپۆرتی جیهانی خۆی سەبارەت بە زیرەکی دەستکرد (AI) لە بواری تەندروستی و شەش بنەمای ڕێنمایی بۆ چۆنیەتی دیزاین و چۆنیەتی بەکارهێنانی بڵاوکردەوە.

ئامادەکردنی : داکۆک عبدالکریم

گەشەسەندنی بەکارهێنانی AI لە لایەک دەرفەت و لەلایەکی تر ململانێی دژوار و نوێ دەخاتە بەردەم سەردەمی ئێستای ئێمە، هەمووتان بیستووتانە کە AI پیدابووە و جارێکی تر ڕەنگە جیهانێک بە بێ بوونی ئەو نەبینینەوە، AI ئیتر لێرەیە و لێرەشە بۆ مانەوەی هەمیشەیی، لەوانەیە جۆرە جیاوازەکانی AIتان بەکارهێنابێت یان سوود و بەکارهێنانی جیاوازیتان بیستبێت، بواری بەکارهێنانی فراوانە، بۆنموونە دەتوانێت چات بکات لەگەڵت و ببێت بە هاوڕێت، یان دەتوانێ لە فێربوونی وانەکان یارماتیت بدات و ببێ بە مامۆستات ، ئەتوانی بۆ دۆزینەوەی جێ و پلاندانانی گەشتێکی خۆش ڕێبەری گەشتەکەت بێ، هەر ئەوەش نا AI ئێستا شێوەکاری دەکات و مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانیش دەڵێ، دەستکاری وێنەکانت دەکات کە بڵاویان ئەکەیتەوە، ئەگەریش حەزکەیت وێنەی سەرتاپا نوێ دروست دەکات کە هەرگیز نەتگرتوون و تەواو لە ڕاستیش دەچن، AI ئێستا وێنەی ڕەش و سپی کۆن دەگەڕێنێتەوە وەک ئەوەی ئەمڕۆ گیرابن، دەتوانێت ئەپی مۆبایل و ماڵپەڕ و تەنانەت یارییە ئەلیکترۆنیەکانیش دروست بکات. AI دەتوانێت هەر شتێک بێت، ئایا AI دەتوانێت پزیشکی داهاتووتان بێت؟ ئایا سەردەمی نوێی داهێنانی بواری تەندروستی لە هاتنە کایەی AIیەوە دەست پێدەکات! ئەو دەتوانێک هیوایەک بێت بۆ چارەسەرە نەدۆزراوەکان؟

دکتۆر تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت: “وەک هەموو تەکنەلۆژیایەکی نوێ، زیرەکی دەستکرد توانایەکی گەورەی هەیە بۆ باشترکردنی تەندروستی ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان، بەڵام وەک هەموو تەکنەلۆژیایەک دەتوانرێت خراپ بەکاربهێنرێت و زیانبەخش بێت”. هەروەها دەشڵێت: “ئەم ڕاپۆرتە نوێیەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕێنماییەکی بەنرخە بۆ وڵاتان سەبارەت بە چۆنیەتی سوودیوەرگرتن لە AI تا ئەوپەڕی، لە هەمان کاتدا چۆنییەتی کەمکردنەوەی مەترسیەکانی و دوورکەوتنەوە لە تەڵەکانی.”

زیرەکی دەستکرد دەکرێت بەکار بهێنرێت بۆ بەرەوپێش بردنی سێکتەری تەندروستی، و لە هەندێک وڵاتی دەوڵەمەنددا لە ئێستاوە بۆ باشترکردنی خێرایی و ورد دەستنیشانکردن و پشکنینی نەخۆشییەکان بەکاردەهێنرێت؛ بۆ یارمەتیدان لە چاوەدێری کلینیکی؛ بەهێزکردنی توێژینەوەی تەندروستی و پەرەپێدانی دەرمان، و پاڵپشتیکردنی چەندان پڕۆژەی تەندروستی گشتی جۆراوجۆر، وەک چاودێریکردنی نەخۆشی، وەڵامدانەوەی بڵاوبوونەوە، و بەڕێوەبردنی سیستەمی تەندروستی.
هەروەها AI دەتوانێت توانابەخش بێ بۆ نەخۆشەکان تا کۆنترۆڵی زیاتر و چاودێری باشتری تەندروستی خۆیان بکەن و باشتر لە پێداویستی و پەرەسەندنە نوێیەکانی بوارەکە تێبگەن. هەروەها دەتوانێت یارمەتی وڵاتانی هەژاری کەم داهات و کۆمەڵگا گوندنشینەکان بدات، کە زۆرجار نەخۆشەکانیان توانای گەشتنیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەو ناوچانەدا سنووردارە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان لە دەستڕاگەیشتن بەو خزمەتگوزارییانە.

ئایا متمانەت بەو ئامۆژگارییە پزیشکیانە دەکەیت کە زیرەکی دەستکرد پێتی دەبەخشێت؟

تەکنەلۆژیاکانی AI بەو توانایەی ئێستا هەیەتی دەتوانن کۆمەڵێک نەخۆشی دەستنیشان بکەن. مەسەلەکەش لێرەدا ئەوەیە کە AI زۆرجار باشتر و خێراتر و هەرزانتریش لە کەسانی پسپۆڕی پزیشکی وەڵام دەداتەوە. AI ناخەوێت و ماندوو نابێت.

پێش ئەوەی ئەوەندە باوەڕ بە AI بکەیت!

زۆرێک لەو تەکنەلۆژیایانە کێشەی باویان هەیە. ئەو سیستمانە لەسەر داتایەکی دیاریکراو یان تایبەتماند ڕاهێنراون، و زۆرجار بۆ هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێکی جیهان بە باشی کارناکەن وەک ئەوەی بۆ ئەو داتایانە دەیکەن کە لە بنچینەدا ڕاهێنراون لەسەری، ئەمەش بۆ ن،وونە ڕەنگە دیمۆگرافیای تایبەتی تۆ لەخۆ نەگرێت، واتە ئەو شتانەی دەیانڵێت بۆ تۆ ڕاست نەبن. نەک هەر ئەوە، بەڵکو هەندێک لەو داتایانە کە ئەم سیستێمانە لەسەریان ڕاهێنراون، بەڕاستی دادای نەسەلمێنراو و هەڵەن. یان لەوەش خراپتر، لەوانەیە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لایەنگری لایەنێک و ئەجێندایەکی دیاریکراو بن.

کێشەیەکی تر هەیە. لەگەڵ دەستپێکردنی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایانە لە ناو بنکەکانی چاودێری تەندروستی، توێژەران دەڵێن کە زیادبوونی ئەو حاڵەتە دەبینن کە بە “مەرجەعیەتی AI” ناسراوە. مەرجەعیەت لە بواری پزیشکیدا لە سەرەتای دەستپێکردنی مێژووی پیشەکەوە کێشەیەکی بەردەوامە. لە پزیشکیدا شتێک نییە باناوی ڕاستی ڕەها و دوور لە گۆڕانکاری، بواری پزیشکی هەمیشە لە گۆڕاندایە و بوونی مەرجەعیەت لە پزیشکیدا جێی نابێتەوە. بەڵام ئێستا، ڕەنگە پزیشکان مەیلیان هەبێت بۆ متمانەکردن بە AI لەسەر حیسابی ژیانی نەخۆشێک، هەروەها لەسەر حسابی لەدەستدانی توانست و ئەزموونی کلینیکی خۆیان.

لە ئێستاوە AI لە چاودێری تەندروستیدا بەکاردەهێنرێت.

هەندێک لە نەخۆشخانەکان ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاردەهێنن بۆ ترایەژی نەخۆشەکان. هەندێک بۆ یارمەتیدانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی، یان بۆ داڕشتنی پلانی چارەسەرکردن بەکاریدەهێنن. بەڵام ساندرا واچتەر، مامۆستای تەکنەلۆژیا و ڕێکخستن لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا دەڵێت، ڕادەی ڕاستەقینەی سوود وەرگرتنی لە AI سنووری نییە. ساندرا واچتەر دەڵێت: “هەندێکجار لە ڕاستیدا نازانین چ جۆرە سیستەمێک بەکاردەهێنرێت”. بەڵام ئێمە دەزانین کە ئەگەری زۆرە بەکارهێنانیان زیاد بکات لەگەڵ باشتربوونی خودی تەکنەلۆژیاکە و لەگەڵ گەڕان بەدوای ڕێگاچارە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی بەکارهێنانی سیستەمەکانی چاودێری تەندروستی.

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ڕەنگە پزیشکان لە ئێستاوە باوەڕێکی زۆریان بەم تەکنەلۆژیایانە هەبێت. لە توێژینەوەیەکدا کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، داوا لە پزیشکانی شێرپەنجە کرا کە تەشخیسەکانیان بۆ شێرپەنجەی جۆراوجۆری پێست لەگەڵ دەرەنجامەکانی سیستەمی AI بەراورد بکەن بل هەمان ئەو حاڵەتە شێرپەنجەییانە. زۆرێک لەوان ئەنجامەکانی AI یان لا قبوڵ بوو، تەنانەت کاتێک ئەو ئەنجامانە پێچەوانەی بۆچوونی کلینیکی خۆیان بوون.
مەترسییەکی زۆر ڕاستەقینە هەیە کە ئێمە تا ڕادەیەکی زیاتر لەوەی پێویستە پشت بەم تەکنەلۆژیایانە ببەستین. وە لێرەدایە کە بابەتی “مەرجەعیەت” دەتوانێت بێتە ناوەوە.

سەرەتا، وەک لە سەرەوە باسمان کرد، AI بێ هەڵە نییە. ئەم تەکنەلۆژیایانە لەسەر کۆمەڵە داتایەکی مێژوویی ڕاهێنراون کە کەموکوڕی خۆیان لەگەڵدایە. ساندرا واچتەر دەڵێت: “ناتوانیت ئەلگۆریزمێک -واتە AI – بنێریت بۆ کۆلێژی پزیشکی و فێری بکەیت کە چۆن فێری جەستەی مرۆڤ و نەخۆشییەکان بێت”.
لە ئەنجامدا وەک مەککرادن و کیێش دەنووسن: “AI ناتوانێت تێبگات، تەنیا پێشبینی دەکات“. بۆ نموونە، دەتوانرێت AI ڕابهێنرێت بۆ ئەوەی بزانێت کام شێواز لە زەرعەی خانەکانی پێستدا پەیوەندی بە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەوە هەبووە لە ڕابردوودا. بەڵام ئەو پزیشکانەی کە ئەو دەستنیشانکردنانەی ڕابردوویان کردووە و ئەو زانیاریانەیان کۆکردۆتەوە، ڕەنگە دوور نەبووبن لە هەڵە.
وە ناسینەوەی شتە باوەکانی ڕابردوو مەرج نییە هەموو شتێک بۆ پزیشکان ڕوون بکاتەوە لەوەی چۆن بەردەوامی بە چارەسەری نەخۆشەکانیان بدەن. ئەمڕۆ پێویستە پزیشکان و نەخۆشەکان هەماهەنگ بن لە ڕێکارەکانی چارەسەرکردندا. پێشکەوتن لە بەکارهێنانی AI نابێت لە سەربەخۆیی نەخۆشێک کەم بکاتەوە.

کەواتە چۆن ڕێگری لە ڕودانی ئەوە بکەین؟ یەکێک لە ڕێگە چارەکان بریتییە لە دیزاینکردنی تەکنەلۆژیای نوێ کە لەسەر داتای باشتر و کۆنتڕۆڵکراوتر ڕاهێنرابن کە سەرجەم کۆمەڵانی مرۆڤ لەخۆبگرێت بە هەموو دیمۆگرافیا جیاوازەکانەوە. پێش ئەوەی بتوانین ئەوە بکەین، پێویستە لە ڕاستیدا مەیدانیانە داتای لەڕادەبەدەر کۆبکەینەوە- ئەمەش لەخۆیدا پێویستی بە تێچوویەکی زۆرە کە ڕەنگە لەگەڵ خواستی ئەو کەسانەدا نەگونجێت کە لە بنەڕەتدا بەدوای بەکارهێنانی AIیەوەن بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکانی بواری تەندروستی، وەک واچتەر دەڵێت.

دیزاینەرانی ئەم سیستەمە AIانە پێویستە بە وردی پێویستی تایبەتمانی ئەو کەسانە لەبەرچاو بگرن کە لەڕێی سیستمەکانی ئەوانەوە هەڵسەنگاندن و چارەسەریان بۆ دەکرێت. وە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرن کە ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە بۆ هەندێک گروپ کاردەکەن مەرج نییە بۆ هەندێکی تر کاربکەن، جا ئیتر بەهۆی بایۆلۆجیایانەوە بێت یان بیروباوەڕ و ژینگەکانیان. واچتەر دەڵێت: مرۆڤ لە هەموو شوێنێک وەک یەک نییە.

باشترین ڕێڕەوی کارکردن لەوانەیە ئەوە بێت کە ئەم تەکنەلۆژیا نوێیانە بە هەمان شێوەی ئەوانەی کە لەپێش خۆیانەوە هاتوون بەکاربهێنرێن. هەر وەک چۆن تیشکی ئێکس و ئێم ئاڕ ئای (MRI) یارمەتی دڵنیابوونەوە لە دەستنیشانکردنێک دەدەن شانبەشانی زانیارییە پزیشکییەکانی تر، نەک ڕاستەوخۆ پەنایان بۆ ببرێ بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی. خەڵک سەربەخۆن کە ئایا سکانیان دەوێت یان نا، و حەز دەکەن چی بکەن لە ئەنجامەکانیان.بەهەمان شێوە دەتوانین سوود لە AI وەربگرین بە هەمان ڕەوت بەبێ ئەوەی سەربەخۆیی خۆمان بەو AIیە بدەین.